Skip to the content

ئەمریکا پاڵپشتی لە هەنگاوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو،  پێشوازیی لە ئێرڤ هیکس، کۆنسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر کرد، کە بەمەبەستی هەماهەنگی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەت و کۆنسوڵخانەی ئەمریکا سەردانی وەزارەتی کرد.

لەم دیدارەدا، گفتوگۆ لەسەر گرنگیدانی زیاتر به چەندین بابەتی پەیوەست بە سێکتەری کشتوکاڵ و پڕۆژەکانی ئاودێری و سەرچاوکانی ئاو کرا، هەروەها باسیان لە بوونی دەرفەت لە کەرتی کشتوکاڵی هەرێم بۆ بەشداریکردنی وەبەرهێنەرانی ئەمریکا لە پڕۆژە و بەرهەمە کشتوکاڵیەکان و پیشەسازیی کشتوکاڵی و ئابوری و بازرگانی کرد.

کۆنسوڵی ئەمریکا، پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ هەنگاوەکانی وەزارەت دەربڕی و‌ بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و پاڵپشتی بە بازاڕ کردنی بەروبوومەکانی جوتیارانی هەرێم، پەرۆشی بەشداریکردنی ئەمریکا بۆ دارشتنی پلانێکی هاوبەش و فرەلایەن لەگەڵ وەزارەت دووپات کردەوە، کە دەتوانرێت بە بەشداریکردن لە بونیادنانی بەنداو و پۆند و پڕۆژەکانی ئاودێری و گلدانەوەی سەرچاوەکانی ئاو، ئەزموونی پێشکەوتووی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە.