تیمێکی تەکنیکی و شارەزای ئیماراتی پڕۆژە کشتوکاڵی و پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵدەسەنگێنن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لە نوێنەرایەتیی تیمێکی تەکنیکی و شارەزای کۆمپانیایی ئەلبەراریی سەر بە گرووپی کۆمپانیاکانی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیماراتی کرد.
ئەم سەردانە دوابەدوای سەردانی شاندی وەزارەت دێت بۆ وڵاتی ئیمارات، کە لە ماوەی رابردوودا بە سەرۆکایەتیی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەردوولا بۆ پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی ڕێکخرابوو.
شاندی میوان بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی تیمێکی تەکنیکیی وەزارەت، لە نزیکەوە پڕۆژە کشتوکاڵییەکان بەسەردەکەنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژە گرنگەکانی بواری کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی و پەلەوەری و کارگەکانی بەرهەمهێنانی عەلەف و گەنمەشامی و سۆیا... دەکەن.
لە دیدارەکەدا بێگەرد تاڵەبانی ڕایگەیاند: "خۆشحاڵم کە دەبینم هەنگاوەکانمان لەگەڵ وڵاتی ئیمارات بە سەرکەوتوویی دەچێتە بواری کرداری، کە ئەمەش دەرفەتێکی باشمان بۆ دەڕەخسێنێ زەمینەسازی بکەین بۆ هەناردەکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکان و دڵنیاییدان بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومەکانی جووتیارانمان و باشترکردن و دابینکردن ئاسایشی خۆراک و وەبەرهێنانی پیشەسازیی کشتوکاڵی."