Skip to the content

وەزارەتی کشتوکاڵ دەیەوێ بەهای خۆراکیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەرزتربکاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لە تیمێکی نێودەوڵەتیی ڕێکخراوی (CAPI) و ڕاوێژکاری (PRO) بۆ پڕۆژەکانی ئاژانسی بەرەوپێشبردنی ئابووری لە حکوومەتی هۆڵەندا کرد.

لەو دیدارەدا تاووتوێی چەندین بابەتی گرنگی پەیوەست بە پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵی کرا، بە تایبەتی دەربارەی بەرفراوانکردن و باشترکردنی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و چالاککردنی زنجیرەی بەهای خۆراکی لە کێڵگەکانەوە تاکوو دەستی بەکاربەر.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند: "خۆشبەختانە لە ماوەی ڕابردوو بە هاوکاریی وڵاتی هۆڵەندا و بەشداریپێکردنی دامەزراوەکان و زانکۆکان و جووتیاران، توانیمان تا ئاستێکی بەرزی خودبژێوی، بەرهەمهێنانی پەتاتە و بەپیشەسازیکردنی بە ئەنجام بگەیەنین."

هەر لەدیدارەکەدا لەگەڵ شاندی میوان باسی بەردەوامیدان بە هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم کرا، بە ئاراستەی زیادکردن و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و پێشخستنی ئاستی بەرهەمهێنان و بەپیشەسازیکردن و بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ڕاهێنان و شیاندنی تواناکانی فەرمانبەران و گواستنەوەی ئەزموونی پێشکەوتوو‌ی حکوومەتی هۆڵەندا، بۆ چۆنیەتیی کشتوکاڵکردنی هاوچەرخ و پێدانی هۆشیاری و رێنمایی بە جووتیاران بۆ چۆنیەتیی بەکارهێنانی جۆرەکانی دەرمان (موبیدات)، بۆ بەروبوومەکانی کشتوکاڵی و خۆپارێزی بە شێویەکی تەندرووست.