وەزارەتی کشتوکاڵ و ڕێکخراوی جایکای یابانی بۆ چوار ساڵ هاوکاری و پەرەپێدانی کشتوکاڵی جێبەجێ دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لە تیمێکی باڵای ڕاوێژکاران و تیمی ڕاهێنان و کارگێریی ڕێکخراوی جایکای یابانی بۆ هاوکاری و گەشەی ئابووری کرد.
لەم دیدارەدا لە نزیکەوە گفتوگۆ دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەت و ڕێکخراوی جایکا، وەک پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژیی پەرەپێدانی تواناکان و توێژینەوە و ڕێنمایی کشتوکاڵی کرا، کە بۆ ماوەی چوار ساڵ پلانی بۆ دانراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند: "بەخۆشحاڵییەوە لەسەر ئاستی فەرمانگە کشتوکاڵییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تا ئێستا سەرکەوتنێکی باش بۆ سوود وەرگرتن لەم پڕۆژەیە هەیە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی داهاتی جووتیاران و پارێزگاری لە ئاسایشی خۆراک و پێشکەوتنی بەردەوام لە بەرهەمهێنانی تەندرووست و ئۆرگانی، بە تەکنیکی پێشکەوتووی کشتوکاڵی لە چوارچێوەی پلانی وەبەرهێنان و بەبازاڕکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان."
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا تاووتوێی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و دۆخی وشکەساڵی و پلانی وەزارەت کرا، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی کەمئاوی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان و درووستکردنی بەنداو و پۆند و پڕۆژە ئاودێرییەکان و گلدانەوە و سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم و داڕشتنی ستراتیژێکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردن و مامەڵەکردن لەگەڵ سێکتەری ئاودا.
لە کۆتاییدا لە ڕێگەی رێکخراوی ناوبراو بانگهێشتی گرووپی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی وڵاتی یابان کرا، بۆ ئاسانکاری و ئەنجامدانی سەرمایەگورازی و بەشداریکردن لە بونیاتنانی پڕۆژەکانی بواری کشتوکاڵی و ئاودێری لە هەرێمی کوردستاندا.