وەزارەتی کشتوکاڵ و ڕێکخراوی جیهانیی خۆراک و کشتوکاڵ هەماهەنگی دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە، ٦ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لە دکتۆر سەڵاح، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی ڕێکخراوی جیهانیی خۆراک و کشتوکاڵ FAO ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و ئەو شارەزایانەی بواری ئاسایشی خۆراک کە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی ڕێکخراوی فاو کار دەکەن، کرد.
ئەم تیمە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەشداریان لە ۆرکشۆپی تایبەت بە ستراتیژی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی ئاسایشی خۆراک لە عێراق و گەڵاڵەکردنی سەرنج و پێشنیارەکانی هەرێمی کوردستان، بە بەشداریی نوێنەرانی وەزارەت و دەسته و ڕێکخراو و کۆمەڵە و یەکێتییە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
لەم دیدارەدا لە نزیکەوە تاووتوێی دەرئەنجامەکانی ئەو چالاکییە هاوبەشەی نێوان وەزارەت و رێکخراوی فاو کرا، بە تایبەت دەربارەی ئاسایشی خۆراک و پاڵپشتیی جووتیاران، وە بۆ هەمان مەبەست ڕاوێژکارانی وەزارەت ڕاسپێردران بۆ مەبەستی بەدواداچوون و هەماهەنگیی زیاتری نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بەردەوامبوون لەسەر چۆنیەتیی بەشداریکردنی هاوبەش لە چوارچێوەی ستراتیژی بەرنامەکانی ڕێکخراوی فاو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.