یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ دروستکردنی دامەزراوەیەکی هاوبەشی توێژینەوەی کشتوکاڵی واژوو کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن، لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دەستەی جێبەجێکاری کۆمپانیای (گرین ئێست لاند ) واژوو کرا.
پرۆسەکە بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەڕێوەچوو و ئامانج لێی هێنانەکایەی دامەزراوەیەکی هاوبەشی کارکردن و وەبەرهێنان و گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵییە بە شێوەی (PPP) لە ڕێگەی کردنەوەی گەورەترین ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەشێکە لە جێبەجێکردنی کارنامەی بوژاندنەوەی کشتوکاڵ و ژێرخانی ئابوری و پیشەسازی کشتوکاڵی، بەسوود وەرگرتن لەبەشداری کردنی کارامەیی کەرتی تایبەت و تەرخانکردنی سەرمایەگوزاری لەپێناو دابینکردنی پێداویستەکانی هاووڵاتیان لە زنجیرەی بەهاکانی کشتوکاڵی و خۆراکی بەگشتی لە کێڵگەوە تا دەستی بەکارهێنەر بە کوالێتی زۆرباش و تەندروست و گونجاو .