بێگهرد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک جوتیاری دەڤەری ڕاپەڕین کۆبۆوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ،2022/2/24 وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازیکرد لە ژمارەیەک جوتیاری دەڤەری ڕاپەرین لەسەر ئەو فۆڕمەی کە بۆ جوتیاران پڕ دەکرێتەوە بە مەبەستی تەسلیمکردنی گەنم بە سایلۆکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق، سەبارەت بە هەموو ئەو کێشانەی کە هەیانبوو وەڵام و ڕوونکردنەوەیان پێدرا.
بێگەرد تاڵەبانی ڕایدەگەیێنێت: بۆ زانیاری سەرجەم جوتیارانی ئازیزی هەرێمی کوردستان ، پڕکردنەوەی ئەم فۆڕمە ،لەپێناو بەرژەوەندی جوتیارانە ، هەر جوتیارێک کە بەواقیعی داچاندن دەکات لەسەر زەویەکەی، ئەو مافی ئەوەی هەیە،کە بەرهەمی گەنمەکەی خۆی تەسلیمی سایلۆکان بکات ،لەپێناو پارێزگاری لەجوتیاری خاوەن ماف و جیاکردنەوەی لە بازرگان و ئەوانەی خاوەن بەرژەوەندین و دەیانەوێ بازرگانی بە مافی جوتیارانی ڕاستەقینە بکەن.
ئەم فۆڕمە دوای هەناردنی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا لەسەرجەم فەرمانگە کشتوکاڵیەکان بۆ جوتیاران پڕ دەکرێتەوە و هەموو لایەک ڕاسپێردراون کە کار ئاسانی بکەن بۆ پارێزگاری مافی جوتیاران لە پرۆسەی تۆمارکردنی ناوەکانیان .