Skip to the content

بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کۆبۆوە..

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوار شەممە ٢٠٢٢/٢/٢٣ حوسێن حەمەکریم، بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی باخداری و دارستان و پاوانی پارێزگاکان  و ئیدارە سەربەخۆکان کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ وهەڵسەنگاندن کرا لەبارەی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکانی پێشوو و ئامادەکردنی پرۆفایلی ساڵانەی کاروچاڵاکییەکان و بەرزکردنەوەیان بۆ وەزارەت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لە سەر هەماهەنگی و کاری بەردەوام لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و دارستان و ژینگەی پارێزگاکان بە مەبەستی پاراستنی دارستانەکان و رێگەگرتن لە هەر سەرپێچیەک و دروستکردنی ئاگربڕ بۆ پاراستنی دارستانە سروشتی دەستکردەکان لە ئاگرکەوتنەوە و دانانی پلانێک بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و دانانی پاسەوان بۆ نەمامگە و پڕۆژەکان.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە باس لە بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری کرا و بەڕێوەبەری گشتی داوای لە ئامادەبووان کرد پابەندی جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردە و بڕیارانە بن کە لە ئەنجوومەنەکەوە دەردەچێت، هەروەها باس لەو کرێکارانە کرا کە لەلایەن وەزارەتەوە بە کرێ گیراون بۆ کارکردن لە نەمامگەکان، بۆ ئەوەی زیاتر سوودیان لێببینرێت و نەمامگەکان بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن.
لە کۆتاییدا چەندین ڕاسپاردە و پێشنیار و ڕاو سەرنجی ئامادەبووان گەڵاڵەکران و پەسند کران.