لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان و خاوەن پڕۆژەکان چەند بڕیارێکی گرنگ دران
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی چوارشەممە 2022/2/16 لە دیوانى وەزارەت بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، کۆبونەوەیەکی هاوبەشی گرنگ کرا، لەگەڵ لێژنەی پێداویستی شار لە پارێزگای هەولێر کە پێکهاتبوون لە جێگری پارێزگار و قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی، بە ئامادەبوونی راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵی و ڤێتەرنەرى و بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەت.
ئامانجی کۆبونەوەکە بریتی بوو لە هەماهەنگی زیاتر بۆ ڕێکخستنی بەبازاڕکردنی بەرهەمی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی ناوخۆ و کەمکردنەوەی رۆتین و ئاستەنگەکان لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی بەرهەمی پڕۆژەکان و پێویستی بازاڕ و هاووڵاتیان، بەتایبەتی لە بەرهەمی پڕۆژەکانی هێلکە و پڕۆژەکانی گوشتارگە پەلەوەرییەکان و بەرهەمهێنانی قارچک و گواستنەوەی دەرمانی ڤێتەرنەری لە نێوان پارێزگاکانى هەرێم.
لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆی ورد کرا دەربارەی باسکردنی کێشەکان و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان و پێشنیازەکان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان و پارێزگاری لە بەرهەمى خۆماڵى پڕۆژەکان و چاودێری کردنی کواڵێتی و نرخى بەرهەمەکان، چەند خاڵێکی زۆر گرنگ بڕیاری لێوەدراو لە نێوان هەردوولادا گەڵالە و پەسند کران:
١/جەختکرایەوە لەسەر پارێزگارى و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆ و زیادکردنی رێژەی هەناردەکردنی بەرهەمی هێلکەی خواردن بۆ بازاڕەکانی دەرەوەی پارێزگای هەولێر لە %30 بۆ %40 لە بەرهەمی پڕۆژەکانی هەولێر دوابەدوای دابین کردنی رێژەی پێویستی هاووڵاتیان.
٢/ بڕیاردرا بە کەمکردنەوەی رۆتین و نەهێشتنی ئاستەنگ بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکان لە رێگەی بازگەکانەوە, کە تێیدا میکانیزمی گونجاو دیاری کرا، بەپێی پشتگیری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیداری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو, بۆ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆی پارێزگای هەولێر، لەوێشەوە بۆ بازگەکان تاوەکو ئاستەنگ و رۆتین لەبەردەم گواستنەوەی بەرهەمی هێلکەی ناوخۆیی نەمێنی.
٣/ تایبەت بە گواستنەوەی بەرهەمی مریشکی گوشتارگە پەلەوەرییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ هەولێر، بڕیاردرا کارئاسانی بکرێت بەهەمان شێوە بەپێی راپۆرتی پزیشکی و ئەو مۆڵەتانەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری دراوە، بەهەماهەنگی لێژنەی کاروباری ناوخۆیی هەولێر، بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی بازگەکان و ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، کە هۆکارێکی بەهێزی کەمکردنەوەی قەیرانەکان و دابینکردنی هەلی کار و باشترکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابوورین.
٤/بڕیاردرا بە نەبوونی ئاستەنگ و رۆتین بەرامبەر بە گواستنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانى.
٥/ رێگەدرا بە گواستنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی کێلگەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی قارچک لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمدا.
٦/ وە رێگەپێدان لە رێگەی دانانی میکانیزمێک لەنێوان
ب. گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ, بەمەبەستی گواستنەوەی دەرمانی ڤێتەرنەری لە نێوان کۆمپانیاکانی دەرمان و کلینیکە ڤێتەرنەرییەکانی هەرێمی کوردستان.
٧/ بڕیاردرا کە لێژنەکانی دیاریکردنی پێداویستی شار لەلایەن پارێزگاکانی هەرێم کۆبوونەوەی وەرزی هاوبەش بکەن, بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و هەماهەنگی و کارئاسانی و پاڵپشتی ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان.
٨/بڕیاردرا کە کۆبونەوەی لێژنەکانی دیاریکردنی بەروبووم لە بری سێ مانگ جارێک, بۆ لەمەودوا بەشێوەی مانگانە، مانگی جارێک کۆبوونەوەکان بکرێن, بە مەبەستی دیاریکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان و ئامادەکردنی راپۆرتی پێداویستییەکان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو.
ئەم بڕیارە گرنگانە لە داهاتوودا لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و پارێزگای هەولێر کاریان پێدەکرێت، لەپێناو نەهێشتنی ئاستەنگەکان و رێکخستنی بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و دابینکردنی پێویستی بازاڕی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.