بڕی 15 دۆلار بۆ هەر تۆنێک ئالیک بۆ کێڵگە پەلەوەرییەکان دادەشکێنرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە، 2022/2/15 لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بێگەرد تاڵەبانی، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی خاوەن کێلگە پەلەوەرییەکان بەهۆی گرانبوونی نرخی ئالیک لە کارگەکانی ئالیک و سکالای خاوەنی کێلگە پەلەوەرییەکان لەسەر زیادبوونی تێچونی بەهەرمهێنانی مریشک، بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە کێشەی کێلگە پەلەوەرییەکان و دانانی بەرنامەیەکی گونجاو بۆ چارەسەری کێشەکانیان، لە دیوانی وەزارەت بە سەرپەرشتی راوێژکاری وەزارەت رزگار حەمەد خدر و بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری و بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ و بەڕێوەبەرانی سامانی ئاژەڵ لە پارێزگاکان، بە ئامادەبوونی خاوەنی کارگەکانی ئالیک و کێلگە پەلەوەرییەکانی پارێزگاکان کۆبونەوەیەکی فراوان کرا.
لە کۆبونەوەکەدا بە وردی گفتوگۆ کرا دەربارەی خستنەڕووی کێشەکان و کاریگەری و هۆکاری کێشەکان و هەنگاوەکانی چارەسەرکردن و بەردەوامبوونی پڕۆژەکانی پیشەسازی پەلەوەری، هەروەها باسی هەول و هەنگاوەکانی وەزارەت کرا لەپێناو دابەزاندنی نرخی ئالیک و لێخۆشبوونی گومرگی بۆ پێکهاتەکانی ئالیک و کەمکردنەوەی نرخی کرێی کارەبا و هاوکاری کردنی خاوەن کارگەکان و کەمکردنەوەی رۆتینی مامەڵەکان و بە بازاڕکردنی بەرهەمەکان.
ئەم راسپاردە و بریارانە گەڵالەکران: هاوکاریکردنی خاوەن کێڵگەکان و کارگەکانی ئالیک بەمەبەستی هاوردەکردنی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی نرخی سوتەمەنی و پاڵپشتی کردنی سێکتەری کێڵگەکانی پەلەوەر و چارەسەرکردنی کێشەی بە بازاڕکردنی بەرهەمی مریشک.
هەروەها دوابەدوای دیراسەی نرخ دوو بڕیاری گرنگ دران بەم شێوەیە:
یەکەم/ بڕیاردرا کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی سامانی ئاژەڵ لەگەڵ کارگەکانی ئالیک دیراسەی تێچووی نرخی ئالیک و پێکهاتە عەلەفییەکان بکەن لە نزیکترین کاتدا.
یەکەم/ بڕیاردرا کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی سامانی ئاژەڵ لەگەڵ کارگەکانی ئالیک دیراسەی تێچووی نرخی ئالیک و پێکهاتە عەلەفییەکان بکەن لە نزیکترین کاتدا.
دووەم / بڕیاردرا بۆ هەموو تۆنێک لە نرخی ئالیک بڕی 15دۆلار لە نرخەکەی دابشکێنرێ، تا ماوەی دوو مانگی تر بەمەبەستی هاوکاری کردنی خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان لەلایەن کارگەکانی بەرهەمی ئالیک.