Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی و باڵیۆزی ئیسپانیا كۆبوونه‌وه‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  سێشەممە ٢٠٢٢/٢/٢٢، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازیکرد لە پیدرۆ مارتینێز باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق و مەی ئابراین کونسوڵی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارەکەدا بێگەرد تاڵەبانی داوای لە باڵیۆزی ئیسپانیا کرد هانی کۆمپانیا و سەرمایەگوزارانی وڵاتی ئیسپانیا بدرێت بۆ ئەوەی بێن لە هەرێمی کوردستان سەرمایەگوزاری لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و ئاودێریدا بکەن لە پێناو بە بازاڕکردن و پشتیوانی لە ڕەنج و ماندووبوونی جوتیاران، هەروەها دروستکردنی پۆند و بەنداو لە هەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە پیدرۆ مارتینێز خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەم دیدارە و گوتی: ئێمە خۆشحاڵین بەپێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی کشتوکاڵ و ئاودێری و پشتیوان دەبین بۆ ئەوەی بتوانین کەرتی کشتوکاڵ و بە پیشەسازیکردنی بەرهەمەکان لەهەرێمی کوردستان زیاتر پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێت.
هەر لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ئیسپانیا جەختی لە پاڵپشتیەکانی وڵاتەکەی بۆ جوتیارانی هەرێم کردەوە بە تایبەتی لە بوارەکانی دروستکردنی خانووی  شوشەیی و ئاشناکردنی جوتیارەکان بە ئامێر و کەل و پەلی کشتوکاڵی پێشکەوتوو و سەردەمیانە.