لە هەولێر سیمپۆزیۆمێکی تایبەت دەربارەی قەیرانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوار شەممە ڕێکەوتی 16ی شوباتی 2022 ڕەحمانی خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بەشداربوو لە سیمپۆزیۆمێک دەربارەی قەیرانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە هۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ ڕێکخرابوو.
لە سەرەتای سیمپۆزیۆمەکە بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی پ.ی.د. هێمن کاکەخان عەوڵا بە نوێنەرایەتی سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد .
لە بەشی یەکەمی پانێڵی دووەمدا ئەندازیار ڕەحمان خانی بەڕێوهبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بابەتێکی پێشکەش کرد لەژێر ناونیشانی (چوارچێوەی سیاسەتی حکومەت بۆ سامانی ئاو) تیایدا ستراتیژیەت و سیاسەتی حکومەتی بۆ سامانی ئاو بە وردی خستەڕوو ، هەروەها بە زانیاری پشتڕاستکراو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی کەمی ئاو لەم ساڵانەی دواییدا کرد سەرەڕای بارینی باران لە کوردستان کە ئەویش هۆکارەکەی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیان کە بەنداویان لەسەر هەردوو زێی گەورە و زێی بچووک دروست کردووە، لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەیدا ئەندازیار ڕەحمان خانی باسی لەو بەنداوانە کرد کە حکومەت لە بەرنامەیدایە دروستیان بکات بە لە بەرچاوگرتنی پێویستی و ئەولەویات بۆ ئەوەی بتوانن بە ڕێژەیەکی زیاتر کەڵک لە باراناوی وەرزی زستان و بەهار وەربگیرێت.