ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرهێنان دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە 2022/1/5 لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرهێنان کۆبوونەوە ،بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنە و بەشێک لە بەڕێوەبەرانی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ژمارەیەک لە نوێنەری بەڕێوەبەرانی گشتی ،
بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ دابینکردنی زەوی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و ئەو کۆنفرانسە هاوبەشەی کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا وا بڕیارە لە نێوان هەردوو لادا بۆ دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵ ئەنجام بدرێت.
ئەم کۆبوونەوەیە تایبەت بوو بۆ ئامادەکاری و بەرچاو ڕوونی و دابینکردنی زەوی بەپێی پێویستی ناوچەکان بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی کشتوکاڵی ، بۆ ئەوەی لە کاتی سازدانی کۆنفرانسەکە لە پاکێجکێدا زەویەکان ئاراستەی وەبەرهێنەران بکرێ کە بەشداری دەکەن، بەپێی خواست و ویستی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پارێزگاکان .
هەر لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەرایەتی سەرجەم بەڕێوهبەرایەتی گشتی پارێزگاکان ڕاسپێردران، کە لەلایەن خۆیانەوە لەگەڵ لایەنە هونەریەکان لە سنووری فەرمانگە کشتوکاڵییەکانی خۆیان کۆبوونەوە بکەن ،بۆ ئەوەی ڕووبەری زەویەکان و جۆری پڕۆژەکان ئاراستەی لیژنە هاوبەشەکە بکەن بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ کۆنفراسەکە.