بێگەرد تاڵەبانی لەگەڵ جێگری کونسوڵی هۆڵەندی و گرووپی ڕاوێژکاری کۆبۆوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەمە ، 2022/1/24 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی گرووپی ڕاوێژکاری هاوبەشی وەزارەت لەگەڵ جێگری کونسوڵی هۆڵەندی مایکا و ستافێکی کونسوڵخانەی هۆڵەندی و ڕاوێژکارانی هۆڵەندی کۆبۆوە.کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی بەرەو پێشچوونی زیاتری سێکتەری کشتوکاڵی لەهەرێمی کوردستان.
لەم کۆبوونەوەیەدا ڕاپۆرتێکی ورد پێشکەش کرا دەربارەی پەیڕەوی پێشنیارکراوی سێکتەری کشتوکاڵی و خستنەڕووی پێشنیار و ڕاسپاردەکان و بەدواداچوونی دوایین سەردان و بەسەر کردنەوەکانی گرووپی ڕاوێژکاری هۆڵەندی لە هەرێمی کوردستان.
لە دەرئەنجامی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەگەڵ حکومەتی هۆڵەندی لەماوەی ڕابردوو ،چەندین پڕۆگرام بۆ بەرەو پێشچوونەکان و بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکان و وۆرکشۆپی گرنگ ئەنجام دراون، بە ئامانجی گەشەپێدانی زیاتری سێکتەری کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک و زنجیرەی بەها خۆراکییەکان و بەهێزکردنی خزمەتگوزاری گشتی و بە بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران ، وە ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ بەشداری پێکردنی وەبەرهێنەران و کۆمەڵە کشتوکاڵییەکان و دەرفەتی کار بۆ دەرچووان و زەمینەسازی بۆ سوود وەرگرتن لە سەرچاوە مرۆییەکان و باشترکردنی ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی هۆڵەندی .