بێگەرد تاڵەبانی لەگەڵ کۆستاس سکێرکاس وەزیری ژینگەی وزە و گۆڕانکاری کەش و هەوای وڵاتی یۆنان کۆبۆوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەسەر بانگهێشتی فەرمیی وڵاتی یۆنان لە شاری ئەسینا ڕۆژی پێنجشەممە ،2022/1/27 بێگەرد تاڵەبانی بە یاوەریی دابان شەدەڵە ،جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و ستافێکی وەزارەت لەگەڵ کۆستاس سکێرکاس وەزیری ژینگەی وزە و گۆڕانکاری کەش و هەوا و ستافێکی وەزارەتیان کۆبۆوە.
دواتر لەنێوان هەردوولا گفتوگۆکرا دەربارەی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان،بە تایبەتی تاوتوێی پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ و ژینگە و وزە وبەڕێوەبردنی ستراتیژی ئاو ،وە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و ڕەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان و ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و پیشەسازی کشتوکاڵی لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنان .
هەر لە بەشێکی ئەم دیدارەدا لەگەڵ گرووپێکی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەرانی یۆنانی کۆبۆوە بۆ مەبەستی هاندان و بەشداریکردنی وەبەرهێنەران و گرووپی کۆمپانیاکانی یۆنان بە مەبەستی هەماهەنگی و زەمینەسازی زیاتر لە جوڵە و ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی کشتوکاڵی و بازاڕسازی بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران و بونیادنانی پڕۆژەکانی بواری ئاودێری و گەشتیاری و بیناسازی و نەخشەو پلانی وەبەرهێنان لە بوارە پێویست و ستراتیژیەکانی هەرێمی کوردستان.