وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی یۆنان بۆ کاروباری دارایی و ئابووری و دبلۆماسی کۆبۆوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەمیانی سەردان و دیدارەکانی لە وڵاتی یۆنان، ڕۆژی پێنجشەممە ،2022/1/27 بێگهرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە یاوەری دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری ئەسینا لەگەڵ کۆستاس فراگۆ یانیس جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری دارایی و ئابووری و دبلۆماسی و تیمێکی دبلۆماسی هەواڵیی کۆبۆوە.
لەم دیدارەدا بە وردی باسی پەیوەندی هاوبەش و دێرینی وڵاتی یۆنان و هەرێمی کوردستان کرا، دواتر لە نێوان شاندی هەردوو لادا جەختکرایەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی زیاتر لە پێشخستنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری و پیشەسازی کشتوکاڵی و خۆراک ،وە چاڵاکكردنی بازاڕەکانی نێوان هەردوولا بۆ ئاڵوگۆڕ و ساغکردنەوە و پاکێجینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و پڕۆژەکانی بونیادنانی سەرچاوەکانی ئاو و ئاودێری و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی یۆنان لە بواری بەکارهێنانی وزە و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و گەشتیاری و ژینگەیی .