دۆخی ئاو لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەمە ، ٤ ی تەممووزی ۲۰۲۲ بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا کە تیایدا بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لەگەڵ بەڕێوەبەری هەرسێ بەنداوی( دوکان ، دەربەندیخان ، دهۆک ) ئامادەیبوون بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ئاو و لە نزیکەوە گفتوگۆکردن لەبارەی پێویستییەکان و خستنەڕووی پلان و ئامادەسازییەکانی وەزارەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و دۆخی کەمئاوی ،هەروەها هەڵسەنگاندنی دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بەنداوەکان، کە لەمساڵدا ٦ بەنداوی گرنگ و ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی تەواوبوون و کەوتنە کاردایە ،وە چەند بەنداوێکی تریش لە پڕۆسەدایە، لەم کۆبوونەوەیەدا جەخت کرایەوە لەسەر ئەولەویەتدان بە زیادکردنی سەرچاوەکانی گلدانەوەی ئاو لەهەرێمی کوردستان ، وە بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکی و داراییەکان لەڕێگەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.