لە دەشتی بیتوێن پڕۆژەیەکی چاندنی سۆیا ساڵانە (٣) تۆن بهرههمدێنێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق - (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەمە ٤ ی تهممووزی ٢٠٢٢ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی کرد لە کامەران کەریم جوتیاری نموونەیی لە گوندی گردجانی دەشتی بیتوێن، کە خاوەنی پڕۆژەیەکە لەچاندنی بەرهەمی سۆیا، پڕۆژەکەی لە سەر ڕووبەری دوو دۆنم زەوی کشتوکاڵی چاندووە بە شێوازی دەنک و وەشاندن، کە ڕێژەی بەرهەمی (٣) تۆنە لە ساڵێکدا.
سۆیا بەهایەكی بەرزی خۆراكی هەیە و ڕێژەیەكی زۆر پڕۆتین و زەیتی تێدایە، دوای دەرهێنانی زەیتەكەی، پاشماوەكەی دەبێتە بەشێكی گرنگ لە پێكهاتەی ئالیكی پەلەوەر و ئاژەڵ. بەپێی توێژینەوەی جوتیاری ناوبراو ئاووهەوا و خاكی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ چاندنی سۆیا، چاندن و بەرهەمهێنانیشی لەچاندنی (١)کیلۆ سۆیا نزیکەی (٣٠٠) کیلۆی بەرهەمە.
لەم بارەوە بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند: خۆشحاڵم کە دەبینم جوتیارەکانمان داهێنان لە چاندنی ئەو بەروبوومانە دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان زۆر دەگمەنن و لەهەمانکاتیشدا ئەگەر بەرهەمهێنانیان زیاد بکرێت سوودێکی زۆری دەبێت بۆ هاووڵاتیان و خاوەن پڕۆژەکانی ئاژەڵی و پەلەوەری.
هەروەها گوتیشی ، ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پشتگیری خۆمان دەردەبڕین بۆ هەر پڕۆژەیەکی لەو جۆرە بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی سێکتەری کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان.