Skip to the content

ڕێکارەکانی سەربڕینی ئاژەڵ لە جەژنی قوربان


 
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و سەرهەڵدانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون کە لە ئێستادا هەیە ، وە بەڕێوەچوونی مەراسیمی قوربانیکردن بە شێوازێکی تەندروست و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو چەند ڕێکارێک بڵاو ده‌كاته‌وه‌ بە مەبەستی پەیڕەوکردنیان لەلایەن هاووڵاتیان و هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنیان : 

١- لە ڕۆژانی جەژنی قوربان کوشتارگەکان کراوەبن و پزیشکی ڤێتێرنەری لە کوشتارگە هەڵدەستێت بەو ئەرکەی بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی بۆی دیاریکراوە.

٢- ناوی ئەو کوشتارگانەی کە لە ڕۆژانی جەژن کراوەن لە میدیاکان و یەکە کارگێڕییەکان ڕابگەیەندرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ئاژەڵەکانیان لەم کوشتارگانە سەرببڕن .

٣-پێویسته ئاژەڵەکان لە سەربڕخانەی فەرمی سەرببڕدرێن بۆ ئەوەی لە لایەن پزیشکی ڤێتێرنەری تایبەتمەند پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینیان بۆ ئەنجام بدرێت ،بۆ ئەم مەبەستە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی سەربڕخانەکان ڕێگە پێدراو نیە.

٤-پێویستە ئاژەڵەکە ساغ بێت و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی نەبێت و گەنە (قڕنە) و مشەخۆری دەرەکی لەسەر نەبێت .

٥-بەکارنەهێنانی هەر جۆرە دەرمانێک بۆ ئاژەڵەکان ،هەر ئاژەڵێک دەرمانی چارەسەرکردنی نەخۆشی پێدرابێت نابێت ڕاستەوخۆ سەر ببڕدرێت و پێویستە ماوەی سەربڕین دوای چارەسەرکردن بەدەرمان،بەپێی ڕێنمایی پزیشکی ڤێتێرنەری تایبەتمەندی خودی دەرمانەکە بێت .

٦-پێویستە ئەو کەسەی قوربانی ئەنجام دەدات گشت ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەکاربهێنێت بە تایبەتی بەکارهێنانی دەستکێش .

٧-ڕێنمایی هاووڵاتیان بکرێت کە ٢٤کاتژمێر گۆشت لە ساردکەرەوەکان هەڵبگیرێت دواتر بەکار بهێندرێت .

٨-فڕێنەدانی پاشماوەی سەربڕین و ئاژەڵ لە شەقام و کۆڵان و بازاڕ .

٩-ڕێنمایی هاووڵاتیان بکرێت لە کاتی دابەشکردنی گۆشتی قوربانی پێویستە کیسی نوێ و ڕوون و بێ ڕەنگ بەکار بهێندرێت .

١٠- لەکاتی گواستنەوەی گۆشت ڕەچاوی پلەی گەرمی گونجاو بکرێت .