تیمێکی وەزارەتی کشتوکاڵ بڕوانامەی زانکۆی نێودەوڵەتی واخنینگی بەدەستهێنا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی بانگهێشتێکی فەرمی حکومەتی هۆڵەندا، بە هەماهەنگیی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی و بە سپۆنسەری ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی IOM ،لە لایەن زانکۆی واخنی نێودەوڵەتی خولێکی گەشەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵیی بە بەشداریی بەشە جیاجیاکانی کەرتی کشتوکاڵ لە ب. گشتی کشتوکاڵی سلێمانی و تیمێکی پسپۆر بە سەرپەرشتی ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ڕزگار حەمەد خدر) کردەوە ،لە ماوەی ٤ ی تەممووزی ۲۰۲۲ تا ۱٦ ی تەممووزی ۲۰۲۲،کە بریتیبوو لە پڕۆگرامێکی ڕاهێنان و چەندین چاڵاکی و بەسەرکردنەوەی مەیدانی، زانکۆی واخنینگ یەکەمین زانکۆیە لەسەر ئاستی زانکۆ ئاست بەرزەکانی جیهان لە بواری پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک و ئاو .
ئەم خولە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی گەیشتن بە ئاسایشی خۆراک و دامەزراندنی کێڵگەی نموونەیی ،کە لەگەڵ گۆڕانکاری و کەش و هەوا بگونجێت ،بە تایبەتی لە بواری زانستی زەوی و خاک و خۆڵ هەروەها گلدانەوەی ئاو و باراناو ، لەلایەکی ترەوە دروستکردنی کێڵگەی کشتوکاڵی هەمەچەشنه و پێشکەوتنی بواری تاقیگەیی بۆ ئەوەی بتواندرێ لە بواری تاقیگە و پشکنین و بەرهەمه کشتوکاڵیەکاندا تاقیگەی پێشکەوتوو دابمەزرێت .
زانکۆی ناوبراو ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە مەبەستی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی سەر کەرتی کشتوکاڵ و ئاو لەهەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا لە مەراسیمێکی شایستەی ڕێکخراودا لەلایەن زانکۆی واخنینگ بڕوانامەی بەشداریکردن و بڕوانامەی باڵای زانکۆ بەخشرایە تیمی بەشداربووان.