Skip to the content

دۆخی ئاو لە هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ كرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەك شەمە ٣ ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢ لە بەنداوی دوکان بە نوێنەرایەتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان بە یاوەریی بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاو و ئامادەبوونی بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی ناوەندی لە وەزارەتی كارەبای هەرێم و بەڕێوەبەرانی هەردوو بەنداوی (دوكان و دەربەندیخان )و بەڕێوەبەری ئاودێری( گەرمیان و كۆیە ) ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان کرد لەگەڵ شاندی باڵای وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق ،كە لە ڕاوێژكاری تەكنیكی وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتی (هەیئەی گشتی) بەنداوەكانی عێراق و مەرکەزی نیشتمانی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و بەڕێوەبەری گشتی مەرکەزی دیراساتی ناوچەی باکووری وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، و بەڕێوەبەرانی ئاودێری كەركووك و دیالەو بەنداوی حەمرین و تیمێكی تەكنیكی ، پاش هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ناهەمواری عێراق لە ڕووی ئاوی پاك و كشتوكاڵەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ، بە ڕەچاوكردنی هاوسەنگیی ئاو لە بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان و داهاتی چاوەڕوانكراو، پێداچوونەوە بە بەرنامەی هاوینەی مانگی تەممووزی بەنداوی دەربەندیخان و مانگی ئابی بەنداوی دوكان كرا ، بۆ دابینكردنی لانی كەمی پێویستییەكانی ئاوی خواردنەوە و باخداری لەو ناوچانەی پشتیان بە ئاوی ئەم بەنداوانە بەستووە بەتایبەت كەركووك و گەرمیان و دیالە. هاوكات ئەو گرفتانە خرانە ڕوو كە لە ئەنجامی وشكەساڵی و كەمكردنەوەی ئاوی بەراو و ڕێگری لە مەرەزە و بەروبوومەكانی تر، جوتیارانی هەرێمی كوردستان وەكو تەواوی ناوچەكانی تری عێراقی تووشی زیانی گەورە كردووە.
هاوکات چەندین ڕاسپاردە جێگیركران بۆ ئامادەسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی و كەمكردنەوەی زیانەكان ، بەتایبەت پشتگیری ماددی حكومەتی ناوەندی بۆ پڕۆژەكانی بەنداو و ئاودێری لەهەرێمی كوردستان ،هاوكات وتووێژی جددی لەگەڵ ئێران و توركیا بۆ بەردانەوەی بەشە ئاوی عێراق وەكو ئەركی هەنووكەیی حكومەتی عێراق باس كرا.