مەراسیمی ساڵیادی کێڵگەی کوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوە چوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی هەینی ۱ ی تەممووزی ۲۰۲۲، بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و پارێزگاری هەڵەبجە و مەهدی شوشتەری سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی و جێگری پارێزگار و بەرپرسانی سنوورەکە و جوتیاران و هاووڵاتیان و بە یاوەری ستافێکی وەزارەت بەشدارییان کرد، لە مەراسیمی ساڵیادی کردنەوەی هەفتە
بازاڕی کێڵگەی کوردستان و کردنەوەی ماڵی وەسمان پاشا لە پارێزگای هەڵەبجە،کە لە لایەن جوتیاری نموونەیی حامید بە هاوکاری دەستەی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی جوتیارانی ئەفرێنەری کوردستان ئامادەکاری بۆ کرابوو ،لەم مەراسیمەدا بێگەرد تاڵەبانی وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕاگەیاند : زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم لە کێڵگەی کوردستان بەرەو پێشچوونێکی خێرا هەیە لە پەرەپێدانی بەرهەمە خۆماڵیەکانی جوتیاران ،کە بە شێوەیەکی ئۆڕگانی و کوالێتی بەرز بەرهەمهاتووە ،هەروەها وێڕای سوپاس و دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی چاڵاکیەکانی کێڵگەی کوردستان ،بەڵێن و پاڵپشتی تەواوی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دوپات کردەوە ، لەپێناو گرنگیدانی زیاتر بە پڕۆژەکانی جوتیارانی نموونەیی و بەرەو پێشبردنی سێکتەری کشتوکاڵی و ساغکردنەوەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی ناوچەی بە پیت و لەباری سنووری دەشتی شارەزوور و هەڵەبجە.