هەرێمی کوردستان و چیک لە بواری کشتوکاڵدا هاوکار دەبن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢٢/٧/٢٦ بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشوازی لە کونسوڵی کۆماری چیک کارێڵ کۆرتانێک کرد.
لەو دیدارەدا لە نزیکەوە گفتوگۆ لەبارەی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا؛ بەتایبەتی لەبارەی هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایانی چیک بۆ بەشداریکردن لە درووستکردنی بەنداو و پڕۆژەکانی ئاودێری بەسیستمی ppp.
هەروەها لە بەشێکی تری دیدارەکەدا تاوتوێی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و پیشەسازیی کشتوکاڵی و پاڵپشتیی وەبەرهێنەرانی چیکی کرا، بە سوودوەرگرتن لە خاکی بەپیت و کەش و هەوای لەباری هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و هەماهەنگی لەگەڵ جووتیاران و خاوەن پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان.