Skip to the content

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڕێز عبدالستار مجید سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە مردنی هەندێک ئاژەڵ و زەرەرمەندبوونی خاوەنی پڕۆژەیەکی گەورەی سنووری گەرمیان.
دەستبەجێ لیژنەیەکی پسپۆڕ و تایبەتمەند لەلایەن جەنابی وەزیر پێکهێنرا، بەمەبەستی بەدواداچوونی بابەتەکە، کە لە ئەنجامدا ئەم ڕاستیانە بۆ ڕای گشتی دەخەینەڕوو، لەگەڵ وێنەیەک لە ڕاپۆرتی دەرئەنجامی بەدواداچوونی لیژنەکە : 

۱/بەڕێز عبدالستار مجید، ڤیدیۆیەکی ساڵێک بەر لە ئێستای هێناوە و بڵاویکردۆتەوە، بەبێ ئەوەی بەدواداچوونی کردبێت، دەیەوێت وای نیشانبدات کە زۆر لە خەمی جووتیاراندایە.

٢/ بەڕێزیان پێشتر وەزیر بوون و دەبوایە زۆر شارەزایی یاسا و رێنماییی وەزارەت بن، پڕۆژەی کشتوکاڵی پێویستە مۆڵەتی هەبێت و بەفەرمی دامەزرابێت، لە کاتێکدا ئەو بابەتەی کە ئاماژەیان پێداوە، نە پڕۆژەیە و نە مۆڵەتی فەرمی هەیە.

۳/بەڕێزیان لە ئێستادا ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە و یاسا دادەنێت، بەڵام بەداخەوە خۆی لەم کەیسە بەرگری لە کارێکی نایاسایی دەکات و دەستی تۆمەتیش بۆ حکوومەت درێژ دەکات، کەچی دەبوایە ڕێنمایی جوتیاران و خەڵکیش بکات بۆ پابەندبوون بە یاسا، تا هەمووان پێکەوە بتوانن بەرپرسیارێتیی یاساش هەڵبگرن.

٤/ ئەم جۆرە تۆمەتانە له پێناوی خۆڵکردنە چاوى خەڵک و بڵاوکردنەوەى هەواڵى ناڕاست و بێ بنەما لەلاى خەڵک و خواش پەسند كراو نين، له كاتێکدا دەيان جار هەواڵى نادرووستى لەم جۆرەی بڵاوكردۆتەوه و به پێويستمان نەزانيوه دابەزينه ئەو ئاستە بۆ وەڵام و وەڵامکاری.

٥/ بۆ بەرچاوڕوونیی هەموو لايەك و بەڕێزان سەرۆکایەتیی پەرلەمانی كوردستان و لیژنەی كشتوكاڵ، وەڵامی هەموو تۆمەتەکان و دیکۆمێنتەکان دەخەینەڕوو.

هيوادارين له مەودوا بەپێی پەيڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و له چوارچێوەى ياسا، بەڕێزیان ئەرکی خۆیان جێبەجێبكەن.

ڕاپۆرتی بەدواداچوون:

ئاماژە بە فەرمان و ڕاسپاردەى بەڕێز جەنابى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە ڕێگەى پەیوەندىی دەنگى واتس ئاپ لەگەڵ بەڕێز بەڕێوەبەرى گشتیی کشتوکاڵى گەرمیان سەبارەت بە مردارەوەبوونى چەند مانگایەکى هاووڵاتى (اسماعیل مجید احمد) دانیشتووى گوندى قەرەبڵاخى خواروو.

لە بەروارى ٢٠٢٢/٧/٢٠ لیژنەیەکى هاوبەش کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان لێپرسراوى بەشى سامانى ئاژەڵ و لێپرسراوى هۆبەى ڕاوێژکاران لە بەڕێوەبەرایەتىی گشتىی کشتوکاڵى گەرمیان و نوێنەرى بەڕێوەبەرایەتىی ڤێتێرنەرىی گەرمیان، سەردانى شوێنى بەخێوکردنى ئاژەڵەکان کرا و لە ئەنجامدا ئەم خاڵانەى خوارەوە ڕووندەکەینەوە :

۱/هاوڵاتى ناوبراو مۆڵەتى بەخێوکردنى نییە لە بەشى سامانى ئاژەڵ و ڤێتێرنەرى، بۆ بەخێوکردنى ئاژەڵەکان، هەروەها شوێنەکە هیچ مەرجێکى تەندرووستىی ڤێتێرنەرى تێدا نییە بۆ بەخێوکردنى ئاژەڵەکانى، سەرەڕاى ئەوە براکەى گوتى کە کارى جامبازى کردووە (کڕین و فرۆشتنى ئاژەڵ).

٢/ هاووڵاتى ناوبراو ئاژەڵدارە و گەوڕێکى بە نایاسایى لە تەنیشت ماڵى خۆى درووست کردووە بە ڕووبەرى ٢٦ م درێژى و  ١٢ م  پانى، کراوە بە دوو بەشەوە و نیوەى سەرووى گەوڕەکە بە چینکۆ گیراوە.

٣/ هاووڵاتى ناوبراو ئێستا هیچ ئاژەڵێکى نییە، ئەو ڤیدیۆیەى بڵاوکراوەتەوە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى ٢٠٢١. وەکوو خۆى دەڵێت ساڵى پار ٢٥ سەر مانگاى هێناوە لەماوەى ٢ مانگ لە نێوان مانگەکانى  ٧ و ٨ مانگاکانى مردارەوە بوون.

٤ /ناوبراو خۆى دەڵێت سەردانى کلینیکى پزیشکىی ڤیتێرنەریی تایبەتى کردووە لە سنوورى گەرمیان، بە پێى گوتەى پزیشکەکان، گومان دەکرێت مانگاکان تووشى نەخۆشى زەردووىی Thieleria بووبن، ئەم نەخۆشییە ئەگەر لە سەرەتاوە چارەسەرێکى ڕێکوپێکى بۆ نەکرێت، ئاژەڵەکان مردار دەبنەوە و پێویستى بە چارەسەرى درێژخایەن هەیە.

٥/ بە پێى گوتەى پزیشکەکان، هاووڵاتى ناوبراو کەمتەرخەم بووە لە کاتى چارەسەرکردنى ئاژەڵەکانى، چونکە مانگاى بیانى جۆرى هۆڵشتاین و سیمنتاڵە، ئەم ناوچەیە لە هاویندا پلەى گەرمى بەرز دەبێتەوە بۆ سەروو ٥٠ پلە، مانگاکان خۆیان بۆ ئەم گەرمییە ڕاناگرن و هەستیارن بەرامبەر ئەم نەخۆشییە، وە ئەم نەخۆشییە بە ئاسانى لە ڕێگەى مشەخۆرى دەرەکى بۆ ئاژەڵێکیتر دەگوێزرێتەوە.

٦/هۆکارى مردارەوەبوونى مانگاکان نەخۆشى بووە بە قسەى ئەو پزیشکانەى چارەسەریان بۆ کردووە، واتە کێشەى لە خواردن نەبووە، چونکە هاووڵاتیەکە خۆى وێنجەى هەیە و ئالیکى گیراوەى لە کارگەى مروارى بە کارهێناوە بۆ پێدانى ئاژەڵەکانى. سەرەڕاى ئەوە کا  و وێنجە دەفرۆشێت.

ئەم کۆنووسەی لیژنەی راسپێدراو  لەلایەن بەڕێز بەڕێوەبەرى گشتىی کشتوکاڵی گەرمیان پەسندکراوە.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو