Skip to the content

پڕۆژەی پەلەوەری سیروان لە هەڵەبجە، ۲۰۰ هەلی کار دەڕەخسێنێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی هەینی  ۱ ی تەمموزی ۲۰۲۲، لە میانی سەردانەکەی بۆ پارێزگای هەڵەبجە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئامادەبوونی  پارێزگاری هەڵەبجە و ستافێکی وەزارەت، پڕۆژەی (پەلەوەری سیروان)ی بەسەرکردەوە،  ،کە لەلایەن کۆمپانیای ئاڤیکەڵچەر سەرپەرشتی دەکرێت ، لە ئاییندەیەکی نزیک ئەم پڕۆژەیە دەکەوێتە کار، کەپێکهاتووە لە ۲ هۆڵی جوجک بەخێوکردن و ٨ هۆڵی بەرهەمهێنانی هێلکە،کە توانای نزیکەی یەک ملیۆن مریشکە بە سەرجەم هۆڵەکانی، وە توانای هەیە ٨۰۰ هەزار هێلکە بخاتە نێو بازاڕەکانی هەڵەبجە و سلێمانی.

ئەم پڕۆژەیە کارگەی ئالیک و سایلۆی وەرگرتنی بەرهەمەکانی دانەوێڵەی گەنم و جۆ و گەنمەشامی لە خۆ دەگرێت ،لەگەڵ چاندنی ۱٥ هەزار داری زەیتون و ۱۰ هەزار داری هەنار و ۷۰ خانووی پلاستیکی بەگشتی لەسەر ڕووبەری ٤۰۰ دۆنم زەوی .لە ئێستادا ئەم پڕۆژەیە نزیکەی هەشتا هەلی كاری  ڕەخساندووە .
لەم بارەوە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند: بە پێویستی دەزانم زۆر سوپاسی خاوەنی ئەم پڕۆژەیە بکەم کە لەچوارچێوەی پڕۆژە یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی کەرتی تایبەت بەڵێنیاندا کە ۲۰۰ هەلی کاری تر بڔەخسێنن بۆ ئەو دەرچووانەی بەشی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری کە لە ئێستادا فۆڕمی داواکاری و زانیاریەکانیان پێشکەشی لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکەن ،هیوادارین نموونەیان زۆر بێت بۆ ئەوەی هەموو پێکەوە پاڵپشتیی لە هەڵمەتی نیشتیمانی ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچووانمان بکەین .