Skip to the content

چوار بەنداو لە سنووری پارێزگای دهۆک بەسەردەکرێنەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢٢/٧/١٩، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان، هاوتا لەگەڵ بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک و تیمێکی تەکنیکی و یاسایی، سەردانی پڕۆژەی بەنداوەکانی سنووری پارێزگای دهۆکیان کرد، سەرەتا شاندەکە سەردانی ناحیەی بامەڕنێیان کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەکە، بەنداوی سبنەیان بەسەرکردەوە، لە نزیکەوە بەدواچوونیان بۆ ڕاگرتنی کار لە پڕۆژەکە و زیانەکانی لافاو لە ماوەی وەستانەکەدا و هەماهەنگی و پێویستیی دەستپێکردنەوەی لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیە دووپاتکردەوە.
دواتر سەردانی قەزای ئامێدیان کرد و لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ قایمقامی قەزاکە جەختیان کردەوە لە پێویستی دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی بەنداوەکان و کارئاسانیی ئیداری و ئاسایشی، بۆ تەواوکردنی کاری چاککردنەوەی بەنداوی گەلی بیدۆهی، بۆ ئەوەی پڕۆژەکە وەربگیرێ، کە ماوەیەکی زۆرە کۆمپانیاکە نەیتوانیوە پابەندییەکانی جێبەجێ بکات.
 
لەهەمان ڕۆژدا شاندەکە سەردانی بەنداوی کەشکانی لە سنووری قەزای سیمێل کرد. تێبینی و سەرنجی شاندەکە بۆ چاودێریی سەلامەتی و چاککردنەوەی بەنداوەکە خرایەڕوو کە گرنگیی زۆری بۆ جووتیارانی سنوورەکە هەیە.
لە کۆتاییدا شاندەکە سەردانی بەنداوی گەلی بەنداوەیان کرد کە هەر لە سنووری قەزای سیمێلە، کە ئەویش بەهۆی بارودۆخی داراییەوە کارەکانی وەستێنراوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە زووترین کاتدا کۆمپانیاکە دەست بە کار بکاتەوە.