کێشەکانی ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیاران تاووتوێکرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەمە ٢٠٢٢/٧/٢٦ بەسەرپەرشتیی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کۆبونەوەیەکی هاوبەش بە ئامادەبوونی بەڕێزان د.محمد شەهاب نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووری/ب.گشتیی گومرگ و تیمی پەیوەندیداری وەزارەت بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا دوابەدوای گفتوگۆ و خستنەڕووی کێشەکانی بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، جەخت لە پاڵشتیی ڕاستەوخۆی ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران و خاوەن پڕۆژەکانی کشتوکاڵی و پەلەوەری و هێلکە و گۆشت لە ڕێگەی هاندان و بەکارهێنانی ئەم بەرهەمانە لە لایەن وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و پێشمەرگە و ناوخۆ و دەستەی گەشتوگوزار و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی تری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.