بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان پێشوازی لە گروپی کۆمپانیای "نهار الاوراد" دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی یەکشەممە ٢٠٢٢/٦/٥ هەڵکەوت عبدالرحمن، بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان پێشوازی کرد لە خاوەندارێتی گروپی کۆمپانیای (نهار الاوراد) بۆ بەرهەمهێنانی پەتاتەی پیشەسازی و خۆراکی، کە بۆ مەبەستی پیرۆزبایی و دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەری گشتی نوێ سەردانی وەزارەتیان کرد، لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەسەر پەرەپێدانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی پەتاتەی پیشەسازی و ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران و دابینکردنی هەلی کار، هەڵکەوت عبدالرحمن، پشتیوانی و ئامادەیی تەواوی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی دەربڕی بۆ ڕەخساندی زەمینەسازی بۆ وەبەرهێنان و ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و بازاڕسازی بۆ بەرهەمی پەتاتە، بەتایبەتی کە کۆمپانیای ناوبراو یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی گرێبەستی کارکردنی ئەنجامداوە لەگەڵ وەزارەت، بۆ مەبەستی وەرگرتنەوەی بەرهەمی پەتاتەی پیشەسازی و خواردن، لە هەمانکاتدا ئاشناکردنی جوتیاران بە شێوازی کشتوکاڵی پێشکەوتووی وەبەرهێنان.
لەلایەن خۆیانەوە دەستەی خاوەندارێتی کۆمپانیاکە سوپاسی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمیان کرد، بۆ پاڵپشتی بەردەوامی پڕۆژەکانی ناوخۆی و ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران و دابینکردنی هەلی کار و دابینکردنی پێویستیەکانی هاووڵاتیان و پاڵپشتی جوتیاران لە چوارچێوەی رێنماییە کارپێکراوەکانی وەزارەت.