لە پارێزگای دهۆک بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی دانرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە ، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ژمارەیەک وەزیر و کەسایەتی حکومی و ستافێکی باڵای وەزارەت، لە پارێزگای دهۆک ،قەزای سێمێل، بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی دانرا ،کە بریتی بوون لە پڕۆژەی بەخێوکردنی مانگای شیری و کارگەی بەروبوومە شیرەمەنیەکان و دروستکردنی خانووی شووشەی و پلاستیکی و کۆگای ساردکەرەوە، بۆ بەرهەمهێنانی سەوزە و میوە و کارگەی پاکێجین و پیشەسازی ئاوی میوە.
ئەم پڕۆژانە لە لایەن گرووپی کۆمپانیاکانی ( کاڤین) دروست دەکرێت، بە هاوکاری و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی تری حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بێگەرد تاڵەبانی ڕایگەیاند:
زۆر خۆشحاڵین ،کە هەنگاوەکانمان لە بواری پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبن، بە هێنانی تەکنەلۆژیای نوێ ،بە دامەزراندنی خانووی شووشەیی،
بە سیستەمی هایدرۆپۆنیک ،بۆ ئەوەی لە کەمترین ڕووبەری زەویدا، زۆرترین بەرهەمی کشتوکاڵی بخرێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە .کە لە ئێستادا نزیکەی (سی هەزار) خانووی پلاستیکی لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە ،بۆ ئەوەی بتوانین لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا بەرهەمی ناوخۆی خۆمانمان هەبێت و خانووە پلاستیکیەکانمان پەرەپێداوە بۆ ئەوەی کە خانووی شووشەیی لە هەرێمی کوردستاندا دابمەزرێت، بە تەکنەلۆژیایەکی تازە، بۆ ئەوەی بتوانین بە کواڵێتیەکی بەرز لەپێناوی پاراستنی ئاسایشی خۆراک ، بەرهەمەکانمان بخەینە سەر سفرە و خوانی هاونیشتیمانیان.
هەموو ئەمانە لە پێناوی ڕەخساندنی هەلی کار و دڵنیاییدانی زیاترە بە پاڵپشتیکردنی ڕاستەوخۆی جوتیاران و خاوەنکار و سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان و هەنگاونان بەرە و ساغکردنەوەی بەروبوومە خۆماڵیە کشتوکاڵیەکان .