وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دەستەی ژینگە، كۆبوونهوهیهكی هاوبهشیان ئهنجام دا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ،٧ی حوزهیرانی ٢٠٢٢، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە چوارچێوەی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دەستەی ژینگە بهڕێوهچوو، ئەم کۆبوونەوەیە تایبەتبوو بە چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانی تایبەت بە ڕێنماییەکان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی نێوان هەردوولا ، كه تایبەته بە دامەزراندنی پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵی و پڕۆژە پەلەوەری و کوشتارگەکانی پەلەوەری، کە لە ئێستادا بەشێکیان بەهۆی جیاوازی دووری نێوانیان و جیاوازی لە نێوان ڕێنمایەکانی نێوان هەردوولایەندا گرفت دروستبووە .
لە کۆبوونەوەكهدا به ئامادهبوونی تیمێکی پسپۆر لە دەستەی ژینگە و وەزارەتی کشتوکاڵ، گفتوگۆ و تاوتوێی چهند بابهتێك كرا لهوانه ڕێنماییەکانی نێوان هەردوولا تایبەت بە دامەزراندنی پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵ و پڕۆژەکانی پەلەوەری و کوشتارگە پەلەوەریەکان کە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ڕەچاوی ڕێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بکرێت، تایبەت بە دووری و مەودای پڕۆژەکان بە لەبەرچاوگرتنی ڕێنمایی و یاسا بەرکارەکانی هەردوولا و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ههروهها باس له چارەسەری کێشەی دروستکردنی پڕۆژەی کشتوکاڵی و پاشکۆی پڕۆژە کشتوکاڵیەکان لەسەر زەوی کشتوکاڵی كرا،کە لە یاساکانی وەزارەتی کشتوکاڵدا هاتووە ، ئامادەبووان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەکرێت پشت بە یاسا بەرکارەکان ببەسترێ بۆ دورستکردنی پاشکۆی پڕۆژە کشتوکاڵیەکان، کێشەی پڕۆژەکانی کوشتارگە پەلەوەریەکان کە لە ئێستادا چەند کێشەیەکیان لەگەڵ دەستەی ژینگە هەیە ، دوای گفتوگۆی ورد بڕیاردرا کە پێشنیار بکرێ بۆ سەرۆکی دەستەی ژینگە بۆ چارەکردنی ئەم گیروگرفتە.
تایبەت بە ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی ژینگەیی ، له كۆبوونهوهكهدا داوا کرا کە پێویست دەکات زانکۆ و لایەنی ئەکادیمی و پسپۆری و شارەزایی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی ژینگەیی کە کێشەی دروستکردووە بۆ خاوەن پڕۆژەکانی کشتوکاڵی ئاماده بكرێت و کاری جددی لهسهر بكرێت، جەختیشکرایەوە لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی نێوان هەردوولا، لەکاتی ئامادەکردنی ڕێنماییەکان و کارکردن بەشێوەیەکی هاوبەش. بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە ئابووریەی کە لەجیهان و عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە لەقەیرانی گرانبوون و گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا و گرنگی زیاتر بدرێت بە پاراستنی سەوزایی و ڕێژەی سەوزایی و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان.
تهوهرێكی دیكهی كۆبوونهوهكه باسكردن بوو له ڕێنمایی ڕەچاوکردنی ڕێژەی سەوزایی بۆ پڕۆژە پەلەوەریەکان و بڕیاردرا سیستەمی بایۆ سیکیورتی لە پڕۆژەکاندا جێبەجێی بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە نەخۆشیەکان و بڵاوبوونەوەی بۆنی پاشماوەکان بكرێت.
لە کۆتاییدا بریاردرا سەرجەم پێشنیار و ڕاسپاردەکان لە کۆنووسێکی هاوبەشدا بخرێتە بەردیدی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و سەرۆکی دەستەی ژینگە بۆ مەبەستی پەسندکردن و ئاراستەکردنی بۆ سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی نێوان هەردوولا.