وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لە سەرۆکی زانکۆی دهۆک كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەمە، ٢٠ ی حوزهیرانی ٢٠٢٢، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی بریکار و ڕاوێژکار و ستافێکی وەزارەت پێشوازیکرد، لە سەرۆکی زانکۆی دهۆک و تیمێکی یاوەری.
لەم دیدارەدا لە نزیکەوە گفتوگۆ کرا لهبارەی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان وەزارەت و زانکۆکان بەشێوەیەکی گشتی و زانکۆی دهۆک بە تایبەتی، بە مەبەستی کاراکردنی بۆردی باڵای زانستی و ئەکادیمی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و خوێندنی باڵاو ئامادەسازی بۆ لووتکەی کشتوکاڵی لەهەرێمی کوردستان لە دهۆک ،کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هاوکارێکی سەرەکی دەبێ بۆ ئەنجامدانی ئەم لووتکەیە لەگەڵ زانکۆی دهۆک ، ههروهها هاندان و بانگهێشتکردنی نوێنەرایەتیەکانی وڵاتان و وەبەرهێنەران و کۆمپانیا بیانیەکان بۆ ئەوەی بەشداربن لەو چالاکیە.
لەدرێژەی دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە سەر هەماهەنگی گرنگیدان بە پەرەپێدانی توێژینەوە زانستییەکان لە کۆلێژ و بەشەکانی کشتوکاڵی و هاندانی دەرچووانی ئامادەیی بۆ ئەوەی لە بەشەکانی کشتوکاڵی بخوێنن ،هەروەها باسی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ڕێنمایی بۆ جوتیاران و خاوەن پڕۆژەکانی کشتوکاڵی و ئاشناکردنیان کرا بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی کشتوکاڵی و دەستگرتن بە سامانی ئاو و بەردەوامی کشتوکاڵکردن لە دۆخی کەمبارانی و کەمئاوی و وشکەساڵی .
لە کۆتایدا باسی سوود وەرگرتن و بەکارخستنی هەردوو پڕۆژە یاسای تۆمارکردن و هاوردەکردنی بنەتۆ و شەتڵ و تۆمارکردنی تەرزە کشتوکاڵیەکان و یاسای دامەزراندنی سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵیەکان کرا وەکو وەرچەرخانێکی گرنگی بووژانەوەی کشتوکاڵ و بە هێزکردنی پیشەسازی کشتوکاڵی و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی جوتیاران و خاوەن پڕۆژەکان .