ڕێکخراوی (ZOA) ی هۆڵەندی (١٥) پڕۆژەی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە ۱ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲ کەریم سلێمان بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی ستافێکی باڵای وەزارەت، پێشوازیکرد لە (رۆبێرت بۆنشخانسکر )نوێنەری ڕێکخراوی (ZOA)ی هۆڵەندی لە هەولێر.
ئامانجی دیدارەکە بۆ مەبەستی گفتوگۆکردن بوو دەربارەی ئەنجامدانی (١٥) پڕۆژەی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان لە کۆی (٥٠) پڕۆژە، کە لە عێراق جێبەجێ دەکرێن، پڕۆژەکان بریتین لە پڕۆژەی بچووک و گەورە.
کەریم سلێمان بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاماژەی بە پشتیوانی وەزارەت کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی ڕاسپارد بۆ ئەوەی هاوکار و پاڵپشتی کۆمپانیای ناوبراو بکرێت لە چوارچێوەی یاساو ڕێنماییە بەرکارەکانی وەزارەت.
پڕۆژەکان لە چەند بوارێک خۆی دەبینێتەوە، وەکو هاندانی جوتیاران بۆ چۆنیەتی داچاندن بەشێوازی سەردەمیانە و بەڕێوەبەریی لە شێوازی کشتوکاڵکردن و ئاودێری و چۆنیەتی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان دوای پێگەیشتن.
نوێنەری ڕێکخراوی ناوبراو ڕایگەیاند دوای ئەوەی جوتیارەکان لەو پڕۆژە کشتوکاڵیانە بەرهەمەکانیان پێدەگات هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بە مەبەستی ناساندن و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی جوتیارانی هەرێم بە بازاڕەکانی جیهان.