کۆمپانیای پێپسی پشتگیری لە بەرەو پێشبردنی سێکتەری کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە ۳۰ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، بێگەرد تاڵەبانی، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان و ستافی نووسینگەی وەزارەت پێشوازیی کرد لە شاندێکی باڵای کۆمپانیای پێپسی، بە سەرۆکایەتی ئۆجین ویلسمان بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و باشووری ئاسیا و تیمێکی یاوەری، ئەم کۆمپانیایە لەگەڵ ئاژانسی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرنامەیەکی هەماهەنگیان هەیە بۆ پشتگیریکردنی جوتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە کاریگەری ژینگە و ئاڵۆزییەکانیان لەسەر هەبووە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدرێت بە مەبەستی بەرهەمهێنانی خۆراک لە ناوچەکە بەتایبەتی زیادکردنی بەرهەمهێنانی پەتاتە و بەرهەمەکانی تری بواری پیشەسازی کشتوکاڵی و باخداری.
لەم دیدارەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی هەماهەنگی و پەرەپێدانی زیاتری سێکتەری کشتوکاڵ و ئاشناکردنی جوتیاران بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی کشتوکاڵکردن و وەرگرتنەوەی بەروبوومەکانی جوتیاران و پارێزگاری لە ئاسایشی خۆراک و خواردنەوەکان.
لای خۆیەوە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سوپاسی کۆمپانیای( پێپسی) کرد لە پای پاڵپشتی تەکنیکی و ڕاهێنانی بەردەوامی جوتیاران بۆ پەرەپێدانی چۆنیەتی بەرهەمهێنانی بەروبوومی پەتاتە لە پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەی پێنجوێن. بۆ ئەم مەبەستە لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەهەر هەموو جۆرە هاوکاری و پاڵپشتییەکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ کارئاسانی و هاندانی زیاتری وەبەرهێنەرانی بیانی، بە ئامانجی ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری پیشەسازی کشتوکاڵی ،بە سوود وەرگرتن لە کەش و هەوای لەبار و خاکی بەپیتی هەرێمی کوردستان و هەمواری یاسا و ڕێنماییەکان ،بە تایبەتی لێخۆشبوونی گومرگی لە هاوردەکردنی بەرهەم و پێداویستییەکانی کۆمپانیا جیهانیەکان و دامەزراندنی پڕۆژە و کردنەوەی لقی کۆمپانیاکانیان لە هەرێمی کوردستان.
لەکۆتاییدا لیژنەیەکی تایبەتی وەزارەت ڕاسپێردرا کە لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە هەماهەنگی بکەن لەو کارو پڕۆژانەی کە خوازیارن لە داهاتوودا لە هەرێمی کوردستان ئەنجامی بدەن .