ئامادەکاری بۆ سازدانی دووەمین پێشانگەی هاوبەشی کشتوکاڵی لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە ، ۱٦ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازیکرد لە طالب کعبی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای تجهیزاتی کشتوکاڵی لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ،ئامانج لەم دیدارەدا ،بریتی بوو لە ئامادەکاری و هەماهەنگی لیژنەیەکی هاوبەش بە مەبەستی کردنەوەی دووەمین پێشانگەی هاوبەشی کشتوکاڵی کە وا بڕیارە لەمانگی(۱۰)ی ئەمساڵ لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەبچێت.
هەروەها لەم دیدارەدا لە نزیکەوە تاوتوێی چەندین بابەت و تەوەری گرنگ کرا ، بە تایبەتی هەماهەنگی و پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وەزارەت لەبارەی پێکهێنانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی بەروبوومەکانی جوتیاران لە هەرێمی کوردستان و کردنەوەی نووسینگەیەکی دابینکردن و بەرهەمهێنانی پەینی کیمیاوی بۆ جوتیاران و دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلە کشتوکاڵیەکان و چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکانی بەردەم ساغکردنەوەی بەرهەمی کێڵگە پەلەوەریەکان و پڕۆژە خۆماڵیەکانی جوتیاران و چەندین بابەتی تری گرنگ، کە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان و جوتیاران جەختی لێکرایەوە، وا بڕیارە دیدار و هەماهەنگیەکانی نێوان هەردوولا بەردەوام بێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا.