ئەنجوومەنی وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبۆوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ۹ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، ئەنجوومەنی وەزارەت بە سەرۆکایەتی بێگەرد تاڵەبانی، پێشوازیکرد لە تیمێکی باڵای سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتبوون لە (د.ئومێد سەباح ) سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەن بە یاوەریی سەرۆکی فەرمانگەکانی ئەنجووومەن .
دواتر کۆبوونەوەیەکی هاوبەش ئەنجامدرا ، کە ئامانج لەم کۆبونەوەیە بریتیبوو لە نزیکەوە هەماهەنگی و ئاگاداربوون لە کارو چالاکی و پڕۆژەکان و کێشە و داخوازی و ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری و بەڕێوەبردنی دۆخی کارگێڕی وەزارەت.
لە سەرەتا یاداشتێکی ورد و تایبەت پێشکەشی سەرۆکی دیوان و تیمی ئەنجوومەنی وەزیران کرا، کە پێکهاتبوو لە ( ۳٤) خاڵ کە تیایدا گەڵاڵەی سەرجەم داواکاری و پێشنیار و کێشەکانی فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لەخۆ گرتبوو ،لە چوارچێوەی گرنگیدانی زیاتر بە پاڵپشتیکردنی جوتیاران و خزمەتگوزاری کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری و ئاودێری و بەنداوەکان و باخداری ودارستان و پاوان .
هەروەها لەم یاداشتانەدا باسی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئاسایشی خۆراک و زامنکردنی پێداویستی هاووڵاتیان و گەڕاندنەوەی ئیعاناتی کشتوکاڵی و بەبازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران و مەترسی و گۆڕانکاری خێرای کەش و هەوا و کەمئاوی و وشکەساڵی و کەمی ڕێژەی دابارین و چەندین پرسی گرنگی تر کرا.
دوابەدوای پێشکەشکردنی یاداشتی داواکاریەکانی وەزارەت لەلایەن سەرۆکی دیوان ڕەزامەندی درا لەسەر زۆربەی داواکاری و پێشنیار و پلانەکان، جگە لە ناوەرۆکی یاداشتەکەی وەزارەت چەندین پێشنیار و سەرنجی گرنگ گەڵاڵە کران، کەوا بڕیارە لە نێوان تیمی هاوبەشی هەر دوولادا دیراسە و بەدواداچوونی زیاتری لەبارەیەوە بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە .
ئەم هەماهەنگی و پاڵپشتیەی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەن و سەرۆکی فەرمانگەکان، هەنگاوێکی دڵخۆشکەر و وەرچەرخانێکی گرنگە لە پێناو بووژانەوە و گەشەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری و خزمەتکردنی زیاتری جوتیاران و فەرانبەرانی فەرمانگەکانی وەزارەت و هاونیشتیمانیان بە گشتی .
لە کۆتاییدا بێگەرد تاڵەبانی ڕایگەیاند: بەناوی ئەنجوومەنی وەزارەتمان سوپاسی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و هاوکارانی دەکەین ، بۆ لەنزیکەوە ئامادەبوون و گوێگرتن لە کێشە و داواکاری و پێشنیارەکانمان و هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتمان.