Skip to the content

بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون شەش ڕێکار دەگیردرێتە بەر

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە پێناو ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان ، کە ئێستا هەندێ پارێزگای عێراقی گرتووەتەوە، وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێم  ٦ ڕێکارى دەرکرد.

وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، بۆ پێشگرتن لە تەشەنەسەندنى ئەم نەخۆشییە، بەم شێوەیە ڕێکارەکانى خستووەتە ڕوو:
یەکەم/ پێویستە سەربڕینى ئاژەڵان لە سەربڕخانە فەرمییەکان بێت و بەپشکنین و مۆری فەرمی ڤێتەرنەری بکەوێتە بازاڕ و سەربڕین لە سەر ڕێگا و شەقام و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە.
دووەم/ پشکنینى پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بۆ ئاژەڵەکان بکرێت بەمەبەستی دڵینابوون لە تەندروستییان.
سێیەم/ پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان لە پۆشینی جلوبەرگی تایبەتمەند و بەکارهێنانى کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکان ڕەچاو بکرێت.
چوارەم/پێویستە لە خاڵە سنوورى و فڕۆکەخانەکان، پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکرێت کە دێنە نێو هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستییان.
پێنجەم/ وەزارەت ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شووشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆر (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان و ئەم هەڵمەتە هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
شەشەم/ کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی بازرگانیی ئاژەڵان بە شێوەی نافەرمی لە  دەرەوە و نێو هەرێم و عێراقی فیدراڵ، هەروەها ڕێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵی ئەو پارێزگایانەی کە نەخۆشییەکە تیایاندا بڵاو بووەتەوە.