بێگەرد تاڵەبانی: زۆر دڵخۆشم کە دەبینم گەنجەکانمان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە پشت بەتواناکانی خۆیان ببەستن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە ۲۳ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، بێگەرد تاڵەبانی، پێشوازیکرد لە نوێنەری ڕێکخراوی ئازادی لاوان- سەنتەری قەڵادزێ، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ و تاوتوێی پێنجەمین و کۆتا وۆرکشۆپی پڕۆژەی توێژینەوە بۆ گۆڕانکاری پرۆگرامی #YouthExcel لە شاری قەڵادزێ کرا، کە لە بەرواری
(١٧ی مایس - ١٩ی مایسی ٢٠٢٢) بەڕێوەچوو لە لایەن ڕێکخراوی ئاسوودە، کە تایبەتبوو بە کێشەکانی گەنج لە قەڵادزێ لە ڕووی گوزەرانەوە.
لەمبارەوە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند: زۆردڵخۆشم کە دەبینم گەنجەکانمان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن، ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پشتیوانی خۆمان بۆ هەر ڕێکخراوێکی لەم جۆرە دووپات دەکەینەوە کە وا بکەن گەنجەکانمان پشت بە تواناو لێهاتووییەکانی خۆیان ببەستن.
ئەم پڕۆژەیە بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام بوو کە تایبەت بوو بە ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر کێشەکانی گەنج لە قەڵادزێ لە ڕووی گوزەرانەوە، کە لە لایەن ڕێکخراوی USAID ی ئەمریکییەوە بودجەی بۆ دابینکراوە و لە لایەن ڕێکخراوی IREX ەوە چاودێری دەکرێت و ڕێکخراوی Search for Common Ground Iraq هاوبەشی تەکنیکی پڕۆژەکە دەکات.
لە کۆتاییدا نوێنەری ڕێکخراوەکە ئەنجام و پوختەی توێژینەوەکەیان پێشکەش بە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد.