سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوى کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوێنێ دووشەمە ، ٢٠٢٢/٦/١٣بێگەرد تاڵەبانی وزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لە مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمێکی یاوەری کرد.
لەو کۆبوونەوەدا کە بریکار و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت بەشدار بوون، گفتوگۆ لەبارەى کاروبارەکانی وەزارەت کرا. بێگەرد تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، وێرای بەخێرهاتنی بەڕێزیان، ڕاپۆرتێکی وردی پێشکەش کرد لەسەر هێڵە گشتییەکانی کارو چالاکی و پڕۆژەکان و جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی و کەمکردنەوەی رۆتین و ئاسانکاری لە پێشکەشکردنی خزمەگوزارییەکان و کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و پاڵپشتی لە بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران و گرنگیدان بە بنەتۆ و سەنتەرەکانی توێژینەوەی کشتوکاڵی و دۆزینەوەی بازاڕ و بابەتەکانی تایبەت بە پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ و سوود وەرگرتن لەسەرچاوەکانی ئاو و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پاڕێزگاریکردن لە دارستانەکان و ژینگەی کوردستان و خستنەڕووی سەرنج و داواکاری و پێشنیارەکان و ئالنگەرییەکانی بەردەم کارو پڕۆژەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و چەندین تەوەری تر.
دواتر سەرۆکوەزیران وێڕای سوپاس ودەستخۆشی لەوەزیر و ئەنجومەنی وەزارەت لەپای جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و پاڵپشتی خۆی دووپات کردوە بۆ ناوەڕۆکی راپۆرتەکە و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتری خزمەتکردنی جوتیاران و هاووڵاتیان بە گشت و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و پێداویستەکان و بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری لەڕێگەی پەرەپێدانی پڕۆژەکانی جوتیاران و هاووڵاتیان و پاڵپشتی لە ساغکردنەوەی بەروبوومە خۆماڵییەکان و سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان، لە رێگەی دروستکردنی بەنداو و پۆند و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاودێری و هۆشیاری هاووڵاتیان بۆ دەستگرتن بە سامانی ئاو و هەماهەنگیکردن لەگەڵ دامەزراوەکانی تری حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و دیاردەی وشکەساڵی و زیادکردنی رێژەی سەوزایی و پارێزگاری لە سروشت و دارستانەکانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا چەندین سەرنج و پێشنیار و ڕاسپاردەی گرنگ بە مەبەستی بووژاندنەوە و گەشەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو لەلایەن ئامادەبووەکانەوە گفتوگۆیانە لەسەر کرا.