شاندی باڵای حکومەت لە دوبەی لەگەڵ محەمەد بارکیندۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)كۆبوونەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە 28 ی ئاداری 2022 ، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی هەریەک لە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و هاوڕێ لەگەڵ وەزیری شارەوانی و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، لە دوبەی لەگەڵ محەمەد بارکیندۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)كۆبوونەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆکرا دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و کاریگەرییە نەرێنیەکانی ململانێ و ناکۆکییە نێودەوڵەتیەکان لەسەر بازاڕی وزەی جیھانی و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان بە گشتی.
هەروەها جەخت کرایەوە، لەسەر ھەماھەنگیی و گرنگی پێدانی زیاتری بەرەو پێشبردنی ھەوڵە هاوبەشەکان لە پێناو سەقامگیریی بارودۆخی جیھان و بازاڕی وزە ، وە بانگهێشتکردنی وەبەرهێنەران بۆ ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان.