چوار بەنداوی گرنگ و ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لێکتێگەیشتننامەی دروستکردنی چوار بەنداوی گرنگ و ستراتیژی واژۆ کرد ،بە هەماهەنگی گرووپی نێودەوڵەتی کۆمپانیاکانی POWERCHINA بەنداوەکانیش بریتین لە:
١/بەنداوی دەڵگە لە پشدەر
٢/ بەنداو خێوەتە لەسلێمانی
۳/بەنداوی مەنداوە لە هەولێر
٤/بەنداوی باکرمان لە دهۆک
ئەنجامدانی ئەم لێکتێگەیشتننامەیە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە بۆ چارەسەری کێشەی گڵدانەوەی ئاو و کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی دیاردەی وشکەساڵی و زیادکردنی خەزێنی ئاو و باشتر بەڕێوەبردنی ستراتیژی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان.
ئەم لێکتێگەیشتننامەیە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو واژۆ کراوە ،لەگەڵ یەکێ لە کۆمپانیا بەهێزەکانی وڵاتی سین لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دروستکردنی بەنداوە گرنگ و ستراتیژیەکان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری.