لە پارێزگای سلێمانی بێگەرد تاڵەبانی، سەردانی کارگەی چپسی لیزی کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٥/١٦بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە یاوەریی شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی، کارگەی چپسی لیزی بەسەرکردەوە لەناوچەی بازیان.
ئەم کارگەیە تاکە کارگەیە لەهەموو جیهان کە ڕێگەپێدانی کۆمپانیای جیهانی بیبسی کۆلای وەرگرتووە بۆ بەرهەمهێنانی چپسی لیز.
کارگەکە لەساڵی ٢٠١٩ ەوە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە و مانگانە (١٣٠٠٠)سیانزە هەزار تەن پەتاتە بەکار دەهێنێ، بۆ بەرهەمهێنانی چپسی لیز بە ستانداردی جیهانی، کە زۆربەی بەرهەمی پەتاتەکان لەناوخۆ بەرهەم دەهێنرێن، کارگەکە هەلی کاری بۆ (٨٠٠) دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگەکان ڕەخساندووە، لە کارگەکەدا هیچ بەرهەمێک خەزن ناکرێ لە بەر زۆری داواکاری لەسەر بەرهەمەکانیان، بەڕێوەبەرانی کارگەکە بەنیازن هێڵێکی تری بەرهەمهێنان زیاد بکەن لەکارگەکە بەم نزیکانە.
لەسەردانەکەیدا بێگەرد تاڵەبانی ڕایگەیاند: وەزارەتی کشتوکاڵی و سەرچاوەکانی ئاو، هاوکار و پشتیوان دەبێت بۆ ئەوەی کارئاسانی بکرێت لەهەموو داواکاری و پێداویستیەکانی کارگەکە چونکە ئەم جۆرە کارگانە بەم تەکنیکە پێشکەوتووە زۆر پێویستە بۆ پێشخستنی کشتوکاڵ و بەبازاڕکردنی بەروبوومی جوتیاران لە هەرێمی کوردستان بە گشتی.