پتەوکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ وڵاتی بەلجیکا تاوتوێ کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 2022/5/24 وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی کرد لە نوێنەری حکومەتی بەلجیکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی فلاندەرز /بەلجیکا.
لەم دیدارەدا لەگەڵ شاندەکەی وڵاتی بەلجیکا دواین بەرەو پێشچوون و هەنگاوەکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی نێوان هەردوولا تاوتوێ کرا بەتایبەتی دەربارەی ئەم خاڵانە:
- گۆڕانکاریەکانی کەشو هەوا و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەمئاوی و خۆڵبارین و گرانبوونی نرخی خۆراک و بەرزبوونەوەی تێچووەکانی بەرهەمهێنان و مەترسییەکانی بەردەم کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان .
- پەرەپێدانی سێکتەری پیشەسازی کشتوکاڵی و گرنگیدان بە دابینکردنی ئامێری پێشکەوتووی پیشەسازی بچووک بە مەبەستی پاڵپشتیی بووژانەوەی لادێکان و هاوکاریکردنی ژنانی خاوەنکار و دەستڕەنگینی لادێکانی کوردستان.
- ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچووانی کۆلێژەکانی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری و سوود وەرگرتن لە بەکارخستنی یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان .
- گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی ئۆرگانی و پاڵپشتی و ڕاهێنان و ئاشناکردنی جوتیاران بەم جۆرە بەرهەمهێنانە.
- بە پیشەسازیکردنی بەرهەمە خۆماڵیەکانی جوتیاران و دامەزراندنی کارگەی پاکێجینی گەورە بۆ ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی جوتیاران بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی وڵاتی بەلجیکا .
- بەرەو پێشبردنی ستراتیژی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ،بەسوود وەرگرتن لە گلدانەوەی ئاو و دروستکردنی پڕۆژەکانی ئاودێری و بەنداوی بچووک و پێدانی هۆشیاری و زانیاری پێویست بە جوتیاران .
ئەمانە و چەندین بابەت و تەوەری گرنگی تر لەم دیدارەدا گفتۆگۆیان لەبارەیەوە کرا، بەمەبەستی بەهێزکردنی جوڵەو ئاڵوگۆڕی ئابوری و بازرگانی و بانگهێشتی وەبەرهێنەرانی بەلجیکی ، بۆ مەبەستی ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری کشتوکاڵی و پیشەسازی و سوود وەرگرتن لە ئەزموون و شارەزاییەکانی حکومەتی بەلجیکی و پاڵپشتی و هاوکاری بۆ جێبەجێکردنی کارنامە و پلانەکانی گەشەپێدان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم گەشەی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاژەڵی و پەلەوەری لە هەرێمی کوردستان .