ئەنجوومەنی وەزارەت لەگەڵ لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبۆوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەمە ،2022/5/24 بە سەرپەرشتیی بێگەرد تاڵەبانی و بە ئامادەبوونی ئەنجوومەنی وەزارەت کۆبونەوەیەکی هاوبەش ئەنجامدرا لەگەڵ لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ، کە پێکهاتبوون لە سەرۆک و جێگر و ئەندامان و ڕاوێژکاری لیژنەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەماهەنگی و بەدواداچوونی کاروبارەکانی نێوان وەزارەت و لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان کرا ، بە تایبەتی دەربارەی دوایین هەنگاو و بڕیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ، سەبارەت بە پڕۆسەی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران، لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، هاوتەریبی پلانی وەرگرتنەوەی گەنم لە ڕێگەی سایلۆکانی عێراقدا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیدانی زیاتر بە دابینکردن و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی خۆراک و زیادکردنی سەرچاوەکانی کۆگاکردنی بەرهەمی دانەوێڵەی گەنم ، جەخت کرایەوە لەسەر چاودێریکردن و کوالێتی بەرهەمەکانی دانەوێڵە و هاوسەنگی نرخ لە بازاڕەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تری حکومەتی هەرێمی کوردستان.