له سلێمانی وۆرک شۆپێک دەربارەی کارایی و پاراستنی ئاو بهڕێوه چوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوار شەممە ڕێكهوتی ٢٠٢٢/٥/١٨ لە هۆڵی ڕێنمایی کشتوکاڵی سلێمانی بە ئامادەبوونی دانا محهمهد بەڕێوهبەری بەشی ڕێنمایی کشتوکاڵی سلێمانی، وۆرك شۆپێک بەڕێوەچوو لە لایەن ڕێکخراوی ئیکۆکۆنسڵتی هۆڵەندیەوە دەربارەی( کارایی ئاو و پاراستنی لەڕێگەی بەکارھێنانی تەکنیکە داهێنەرەکانی ئاودێری و دڵۆپاندن).
سیمینارەکە بۆ زیاتر لە (٧٠) حەفتا جوتیاری سنوورەکانی(بەکرەجۆ - بازیان - سەنگاو - عەربەت ) ڕێکخرابوو کە سەرجەم جوتیارەکان لە لایەن ڕێنمایی کشتوکاڵی سلێمانیەوه بانگهێشت کرابوون.
لە سیمینارەکەدا تیشک خرایە سەر کاریگەری کەش و ھەوا و وشکە ساڵی و کەمبارانی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و دۆزینەوەی ڕێگە چارەی گونجاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە، بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆ کرا دەربارەی ئەوەی کە دەبێت گرنگی بدرێت بە ئاودانی دڵۆپاندن بەشێوەیەکی زانستی و سەردەمیانە.
لەمبارەوە بەدرخان محهمهد وەکو نوێنەری ڕێکخراوی ئیکۆکۆنسڵتی هۆڵەندی ڕایگەیاند: ئێمە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی جوتیاران لە هەموو ناوچەکانی کوردستان بە پێدانی زانست و زانیاری کشتوکاڵیی سەردەمیانە و کارئاسانی لە بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری لە هەرێمی کوردستان.