لە شاری بەغدا بێگەرد تاڵەبانی بەشداریی لە کۆبوونەوەی لیژنەی نیشتیمانیی باڵای ئاو کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 11 ی ئایاری 2022 لە شاری بەغدا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو،وەکو ئەندامی لیژنەی باڵا بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی کرد لە کۆبوونەوەی لیژنەی نیشتیمانیی باڵای ئاو.
ئەم کۆبوونەوەیە بە سەرپەرشتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بەڕێوەچوو، کە تیایدا وەزیرانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، وەکیل وەزیر و ڕاوێژکاران و ب.گشتی بەنداوەکانی هەرێم ئامادەی بوون .
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەمئاوی کە ماوەی چەند ساڵە لەسەر یەک ئەم دیاردەیە دووبارە دەبێتەوە ،وە باسی خستنەڕووی پلانی چاندنی کشتوکاڵی لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا ، بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی کەمئاوی کە بە ڕێژەیەکی زۆر کەمکراوەتەوە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بابەتی وشکەساڵی و ڕێکاری چارەسەری بۆ وشکەساڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان خرایەڕوو .
شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پوختەیەکی لە کاریگەریەکانی وشکەساڵی و زیانەکانی کەرتی کشتوکاڵ و جووتیاران بۆ ئامادەبووان خستەڕوو ،وە باسی پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەرئەنجامەکانی وشکەساڵی .
شاندی وەزارەت پێشنیاریان کرد کە ئەو بودجەیەی لە (پڕۆژە یاسای کۆمەکی خێرای پەرەپێدانی ئاسایشی خۆراک)
تەرخان دەکرێت ، هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بۆ بابەتی وشکەساڵی و پەرەپێدانی کشتوکاڵی و پاڵپشتی جووتیاران و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان.
هەر لە چوارچێوەی گرنگیدانی زیاتر بە ستراتیژی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە دروستکردنی (120) بەنداوی بچووک و پۆند لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا وەکو شوێنە جیاوازەکانی عێراق، بۆ دۆخی بەڕێوەبردنی کشتوکاڵ و ئاو مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت.