Skip to the content

شاندێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ئیمارات چەند دیدار و کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو سەردانی وڵاتی ئیماراتی کرد.
 
 لەسەرەتای سەردانەکەدا لە شاری ئەبو زەبی، لە گەڵ شێخ عەبدولجەلیل ئەلبلوکی، بەرپرسی باڵای کۆمپانیای ئەلبەراری کۆبوونەوە، لەگەڵ سەرۆکی کۆمپانیای ئەلبراری و ستافێکی تەکنیکی کۆمپانیاکە، کە کار لەبواری کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ و بەرهەمهێنانی کەرەستەکانی عەلەفی و دارستان و ئاودێری و  ئاسایشی خۆراک و چەند بوارێکی تر دەکەن.
 
لەم کۆبونەوەکەدا باس لە گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا و ژینگە و ئاماژەکانی کەمبونەوەی ئاو و مەترسیە سروشتیەکان کرا، کە رووبەرووی جیهان و ناوچەکە بووەتەوە و دواتر باسی پێگەی ئابوری و بازرگانی و دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و ئاو هەوا و زەوی بەپیت و لەباری بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کرا.
 
لە کۆبونەوەکەدا بڕیار درا لێژنەیەکی هاوبەش بۆ دراسەکردنی ئەو پڕۆژانەی کە گفتوگۆیان لەبارەیەوە کراوە پێکبێت، بە تایبەتی لە بوارەکانی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کەرتی کشتوکاڵی و دامەزراندنی کارگەی بۆری پلاستیک بۆ‌ پڕۆژەی ئاودێری و پڕۆژەی دارستانەکان و پڕۆژەی بەخێوکردنی مەڕی عواسی و چەندین کارگەی گرنگ پێکبێت، لەپێناو سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی ووڵاتی ئیمارات .
 بێگەرد تاڵەبانی بەڵێنی تەواوی پشتیوانی و ئاسانکاری و کەمکردنەوەی رۆتینی کارکردنی لەلایەن وەزارەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە،بۆ بەشداری و ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری وەبەرهێنەرانی ئیماراتی و پاڵپشتیکردنی بەبازاڕکردنی بەرووبومە کشتوکاڵیەکان و پڕۆژەکانی پەلەوەری.