بێگەرد تاڵەبانی پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتی نوسینگەی رێکخراوی فاو لە عێراق کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە، رێکەوتی٣١ی تشرینی یەکەم ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لە د.صلاح، بەڕێوەبەری گشتی نوسینگەی رێکخراوی فاو لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا باسی لە هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کرا، بەتایبەتی لەبارەی دابینکردنی ئاسایش خۆراک و تەندروستی کشتوکاڵی و ئاژەڵی و پاڵپشتی و پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی بنەتۆی بەرووبوومە کشتوکاڵیەکان، بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ کەش و هەوای هەرێمی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی پرۆسەی بە بازاڕکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران و ڕەخساندنی دەرفەتی ڕاهێنان و رێنمایی کشتوکاڵی کرا ، بەمەبەستی بەهێزکردنی توانای فەرمانبەران و جوتیاران .
لە بەشێکی تری دیدارەکە گفتوگۆکرا دەربارەی چۆنیەتی بەکارخستنی دامەزراندنی جین بانک لە پارێزگای سلێمانی بە بەشداری و هەماهەنگی چەند لایەنێکی پەیوەندیداری حکومەتی هەرێم و رێکخراوی فاو.
لەکۆتایدا جەختکرایەوە لەسەر ئامادەیی رێکخراوی فاو بۆ هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی عێڕاقی فیدراڵ و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان.