بەدروشمی پەرژینی بکە بەدرەخت، هەڵمەتی ناشتنی یەک ملیۆن نەمام راگەیێندرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بەئامادەبونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەڵمەتی نیشتمانی نەمامڕواندن، بەدروشمی پەرژینی بکە بەدرەخت لە هەولێر، قەزای خەبات لە سەر زەوی جوتیارێک لە گوندی کەورەبەن بەڕێوەچوو.
ئەم هەڵمەت هەموو پارێزگاکان و ئیدارەسەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و یەک ملیۆن نەمام دەڕوێنرێت و نەمامەکانیش بەبێ بەرامبەر بەسەر پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند:''ئەم هەڵمەتەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە پێناوی ئەوە دایە ڕێژەی سەوزای لە هەرێمی کوردستان زیادبکرێت.''
لەبەشێکی دیکەی لێدوانەکەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند:'' ئەم نەمامانە بەبێ بەرامبەر دەدرێن بە جوتیاران و فەرمانگە حکومییەکان لە پێناو زیادکردنی سەوزایی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەش و هەوا لە هەرێمی کوردستان.''