لە ئیدارەی زاخۆ بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی کشتوکاڵی دانرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتیی بێگەرد تاڵەبانی، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و کونسوڵی گشتیی وڵاتی ئیمارات لە هەرێم و ستافێکی وەزارەت و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری و حکوومیی ئیدارەی زاخۆ، بەردی بناغەی پڕۆژەی ستراتیژیی AGRO TECH دانرا، کە لەلایەن کۆمپانیای NRCO بە هەماهەنگیی حکوومەتی ئیماراتی جێبەجێ دەکرێت.
پڕۆژەکە بە گوژمەی ٤ ملیار و ٣٠٥ ملیۆن دینارە. لەقۆناغی یەکەمدا لە سەر رووبەری ١٠٠٠ دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت.
بە تەکنیکی پێشکەوتووی کشتوکاڵی لەسەر شێوازی هایدرۆپۆنیکی،کە توانای کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاوی بەرێژەی ٪٧٥ هەیە، وە دەرفەتێکە بۆ ڕاهێنان و شیاندن و ئامادەکردنی کارمەندان و گرنگیدان بە لێکۆڵینەوەی ١٢ جۆری کشتوکاڵی.
پڕۆژەکە رۆڵێکی گرنگی دەبێ لە گەشەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵی و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری کە توانای ڕەخساندنی ٢٥٠٠ هەلی کاری هەیە بۆ جووتیارانی ناوخۆیی و دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵی.
هەروەها دەبێتە ناوەندێکی گرنگی توێژینەوەی زانستی و فێربوون بۆ خوێندکاران و مامۆستایانی ئەکادیمی.