Skip to the content

لە سلێمانی ئەنجامی توێژینەوە لەسەر ڕووەکی مۆرینگا راگەیەنرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە، ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و ئەکادیمیاستانی کۆلێژەکانی کشتوکاڵی سلێمانی و بەرێوەبەرانی یەکە ئیدارییەکان و فەرمانبەران و جووتیاران، لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی توێژینەوەی ڕووەکی مۆرینگا بەشداربوو، کە لەلایەن بەرێوەبەرایەتیی گشتیی توێژینەوە و ڕێنمایی کشتوکاڵی/ بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی کاری لەسەر کراوە.

لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی توێژینەوە لەسەر رووەکەکە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند: "زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم ئەنجامی توێژینەوەکانی وەزارەتمان بەسەرکەوتوویی هەنگاوی باشیان ناوە و داهێنانی تێداکراوە، ئەمەش وادەکات کە گرنگیی زیاتر بە پڕۆژەکانی توێژینەوە و رێنمایی کشتوکاڵی و ئەکادیمی بدەین و پاڵپشتیی زیاتری مامۆستایان و خوێندکاران و خاوەن پڕۆژە و بیرۆکەکانی ئەم بوارە بین."

ڕووەکی مۆرینگای کوردستان یاخود "داری ژیان" لە سەر ڕووبەری دوو دۆنم زەوی بە ٣٥٠٠ درەخت تاقیکراوەتەوە؛ لەم پڕۆژەیەدا‌ دوو خوێندکاری دکتۆرا، چوار خوێندکاری ماستەر، بیست خوێندکاری بەکالۆریۆس و چەندین مامۆستا توێژینەوەیان کردووە.

لە پلان و بەرنامەدایە ٦٥ جۆر بەرهەمی جۆراوجۆر لە توێژینەوەی ڕووەکی تاقیبکرێنەوە کە نزیکەی ٣٥٠٠ نەخۆش بۆ‌ چارەسەری بە بێبەرامبەر بەکاریانهێناوە و ئەنجامی باشیان بەدەستهێناوە؛ بەپێی بەدواداچوون و راپۆرتی پزیشکی، ڕووەکی مۆرینگا بۆ‌ جوانکاری، چارەسەری چەندین نەخۆشی، پاککردنەوەی ئاو و چەندین بابەتی تر بەکاردێت.

بیرۆکەی پڕۆژەکە بۆ ساڵی ١٩٩١، بۆ ئەزموونی د. جەمال سەعید رەشید دەگەڕێتەوە، کاتێک خوێندکاری دکتۆرا بووە لە ئەڵمانیا و توانیویەتی بەسەرکەوتوویی ئەم ئەزموونە لە کوردستان جێبەجێبکات و لەسەر ئاستی جیهان بەناوی مۆرینگای کوردستان تۆماری بکات.